بەغدا و هەولێر: بەرەو سەردەمێکی نوێی هاوبەشی لە دەوڵەتداری و بونیادنانی دەوڵەتدا
لە سیاسەتدا، گرنگیی وتارەکان تەنیا لە ناوەرۆکەکەیاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ ئەو زمانەی پێی دەوترێت، ئەو شوێنەی تێیدا پێشکەش دەکرێت، و ئەو جەماوەرەی ئاڕاستەی دەکرێت. لەم ڕوانگەیەوە، دەکرێت وتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە زمانی عەرەبی لە بەغدا، وەک شتێک زیاتر لە وتارێک لە بۆنەیەکی نیشتمانیدا بخوێندرێتەوە؛ وتارەکە پەیامێکی سیاسیی پێیە کە پەیوەستە بە پێگەی هەرێم لەناو دەوڵەتی عێراقدا، سروشتی ئەو پەیوەندییەی کە هەوڵی بونیادنانی دەدات لەگەڵ بەغدا، و ئەو ڕۆڵەی کە دەیەوێت گێڕای بێت لە داڕشتنی داهاتووی عێراقدا.
لە دوای پێکهێنانی حکومەتی عەلی ئەلزەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە مایسی ۲۰۲٦دا، ئامادەیی سەرۆکی هەرێم لە بەغدا ئاڕاستەیەکی ڕوو لە گەشەی وەرگرت؛ بە بەشداریی لە دانیشتنی متتمانەبەخشین بە حکومەت دەستی پێکرد، تێپەڕی بە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی ئیدارەدانی دەوڵەت، تا گەیشتە ئامادەبوونی لە کۆنفرانسی ڕۆژی سەروەریدا.
ئەم ئامادەییە لە ساتێکدا هات کە پرسیارەکانی سەروەری، کۆنترۆڵکردنی چەک، و پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر، لەگەڵ گفتوگۆکان دەربارەی داهاتووی هاوبەشی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و پێگەی عێراق لە ناوەندێ گۆڕانکارییە ناوچەیییە خێراکاندا ئاوێتە بوون.
لەناو ئەم سیاقەدا، هەڵبژاردنی زمانی عەرەبی لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە، ئاماژەیەکە زیاتر لەوەی تەنیا قسەکردن بێت لەگەڵ ئامادەبووان بە زمانەکەی خۆیان؛ وەها دەردەکەوێت کە هەوڵ دەدات پێگە سیاسییەکەی فراوانتر بکات، لە سەرۆکێکی هەرێم کە لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ بەغدا دانوستان دەکات، بۆ هاوبەشێکی کورد کە دیدگایەک بۆ داهاتووی دەوڵەتی عێراق دەخاتە ڕوو. زمان لێرەدا دەروازەیەکە بۆ پەیامەکە، بەڵام ناوەرۆکەکەی پەیوەستە بە چۆنیەتیی بونیادنانی دەوڵەتێکی فیدراڵیی جێگیر، ڕێکخستنی دەسەڵات لەناوخۆیدا، و دیاریکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی.
کاتێک سەرۆکی هەرێم لە بەرامبەر سەرکردەکانی وڵات و نوێنەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەڵێت «عێراق بەرپرسیارێتیی هاوبەشمانە»، پێناسەیەک بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان لەناو بەرپرسیارێتیی گشتیی نیشتمانیدا پێشکەش دەکات. ئەم مانایە بەهێزتر دەبێت بە جەختکردنەوەی لەوەی کە هەرێم دەبێتە یاریدەدەر و پشتیوان بۆ هەر هەوڵێک کە پشتگیری لە سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بکات، لەگەڵ بانگەوازی بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان لەناو «ماڵی عێراقی»دا بەپێی دەستوور. ئەمە چەمکگەلێکن کە سیفەتێکی گشتگیری عێراقی دەبەخشنە وتارەکە، و بازنەی بایەخدانی فراوانتر دەکەن تا دەوڵەت، دامەزراوەکانی و داهاتووی بگرێتەوە.
گرنگیی ئەم ڕوانگەیە لە بەستنەوەی مافەکانی هەرێمدا بەو شێوازەی دەوڵەتەوە دەردەکەوێت کە پێویستە فەرمانڕەوایی تەواوی عێراقییەکان بکات. خواست و ئومێدی وی بۆ «عێراقێکی دەستووری، فیدراڵی، سەقامگیر و خاوەن سەروەریی تەواو»، فیدراڵییەت وەک ڕەگەزێک لە بونیادنانی دەوڵەتی عێراقدا دەخاتە ڕوو. بەمەش وتارەکە زەمینەیەک دەکاتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵۆزییەکی درێژخایەن لە پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێردا، کە لەسەر ئەو گریمانەیە وەستاوە کە گوایا بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت لەسەر حسابی هەرێم دێت، یان فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێم دەوڵەت لاواز دەکات.
دەوڵەتی اتحاد (فیدراڵی) دەتوانێت لە یەک کاتدا لەنێوان بەهێزیی دامەزراوە فیدراڵییەکان و ڕێزگرتن لە دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمەکان کۆبکاتەوە، کاتێک پەیوەندیی نێوان هەردوولا لەسەر بنەمای یاسای ڕوون و جێگیر وەستابێت. لەم ڕوانگەیەوە، پەیامەکە وا دەردەکەوێت کە ئاڕاستەکرابێت بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی چەمکی هێز لەناو عێراقدا: هێزی بەغدا لە توانایدا بەدی دەکرێت بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت و جێبەجێکردنی دەستوور، و هێزی هەولێریش لە سەقامگیریی پێگە دەستوورییەکەی و بەشداریی لە بڕیاری نیشتمانیدا دەبێت، بە جۆرێک کە هەردوولا بەهێزتر بکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییە هاوبەشەکاندا.
دەستوور لەم دیدگایەدا ئەركێکی سیاسیی بنەڕەتی دەگێڕێت؛ ئەو مەرجەعێکە بۆ یەکێتیی دەوڵەت و ڕێکخستنی دەسەڵاتەکەی، لە هەمان کاتدا زامنی سیستەمی فیدراڵی و مافەکانی هەرێمیشە. بۆیە بانگەوازکردن بۆ دەوڵەتێکی بەهێز مانای تەواوی خۆی وەرگرێت کاتێک هاوشان بێت لەگەڵ جێبەجێکردنی دەستوور لە ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر، و چارەسەرکردنی ناکۆکییە دارایی، ئیداری و ئەمنییەکان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. بەمەش هێزی دەوڵەت دەبەسترێتەوە بە توانای لە خۆگرتنی فرەیی و ڕێکخستنی، و گۆڕینی هاوبەشی بۆ ڕەفتارێکی دامەزراوەیی کە توانای بەردەوامیی هەبێت.
ئەم ڕوانگەیە هەوڵێک ئاشکرا دەکات بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکە لەسەر سەرکەوتنی هاوبەش، بە جۆرێک کە سەقامگیریی هەرێم ببێتە بەشێک لە سەقامگیریی عێراق، و هێزی دەوڵەتیش ببێتە زامنی هاوبەشییەکی هاوسەنگتر.
بەڵام هەستیارترین پەیام لە وتارەکەدا، پەیوەستە بە مەرجەعیەتی بڕیاری سەربازی. جەختکردنەوەی لەوەی کە دەبێت دەوڵەت خاوەنی بڕیاری کۆتایی بێت لە ئاشتی و جەنگدا، دەست لەرەدانی جەوهەری قەیرانی ئێستای عێراق دەدات: توانای دامەزراوە دەستوورییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی هێز، و ڕێگریکردن لە فرەیی ئەو لایەنانەی کە دەتوانن وڵات ڕاپێچی ڕووبەڕووبوونەوە بکەن یان باجی ململانێیەکی ناوچەییی بەسەردا بسەپێنن.
لەماوەی ئەم چوارچێوەیەدا، قسەکردنی دەربارەی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت گرنگییەکی تایبەت وەردەگرێت؛ چونکە گفتوگۆی سەروەری دەگوێزێتەوە بۆ ئاستی توانای کردارەکی لە وەرگرتنی بڕیار و جێبەجێکردنیدا. سەروەری بە ناتەواوی دەمێنێتەوە کاتێک بڕیاری بەکارهێنانی هێز بەتەواوی لەژێر ڕکێفی دامەزراوە دەستوورییەکانی دەوڵەتدا نەبێت.
لە هەمان کاتدا سەرۆکی هەرێم سوور بوو لەسەر ستایشکردنی قوربانییەکانی سوپای عێراق، حەشدی شەعبی و هێزەکانی پێشمەرگە، بە شێوازێک کە دارشتنێکی سیاسیی ورد بە هەڵوێستەکەی دەبەخشێت؛ کە لەنێوان دانپێدانان بە ڕۆڵی ئەو هێزانەی دژی ڕێکخراوی داعش جەنگاون، و چەسپاندنی مەرجەعیەتی دەستووریی دەوڵەت لە بەڕێوەبردنی هێزدا کۆدەکاتەوە. ئەم هاوکێشەیە ڕێگە دەدات دۆسیەی چەک لە دەروازەی ڕێکخستنی دەسەڵات و بەرپەرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، لەگەڵ پاراستنی ڕێز و پێگەی ئەو قوربانییانەی چەکداران لە بەرگریکردن لە عێراق پێشکەشیان کردووە.
ئەم دیدگایە درێژ دەبێتەوە بۆ پەیوەندی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
وتارەکە مامەڵەی لەگەڵ پاشەکشێکردندا کرد وەک دەروازەیەک بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هاوبەشی، و بانگەوازی کرد بۆ تێپەڕین لە پەیوەندییەک کە لەسەر بنەمای جەنگی دژی تیرۆر دامەزرابوو بەرەو هاوکارییەکی درێژخایەن کە ئاسایش، ئابووری، وەبەرهێنان، تەقە (وزە)، پەروەردە، تەکنەلۆژیا و دیپلۆماسی بگرێتەوە. ئەمەش دیدگایەکە دەربڕین لە درککردن بەوە دەکات کە قۆناغی داهاتوو پێویستی بە گۆڕینی هاوکاریی سەربازی هەیە بۆ بەرژەوەندیی بەربڵاوتر کە پشتگیری لە سەقامگیریی عێراق و توانا دامەزراوەیی و ئابوورییەکانی بکات.
لە ڕێگەی ئەم پێشنیارەوە، وتارەکە هەرێمی کوردستان وەک لایەنێکی بەشدار لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی عێراقدا دەخاتە ڕوو، و پەیامێک بۆ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان دەنێرێت کە ناوەرۆکەکەی ئەوەیە: عێراقێکی فیدراڵیی سەقامگیر دەتوانێت هاوبەشێکی جێگەی بڕوا بێت. لە ناوخۆشدا، هەرێمی کوردستان دەخاتە ناو سیستەمی ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە، کە ئەمەش ئاڕاستەیەکە دەگونجێت لەگەڵ هەوڵەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان ئەوان و هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکان، لەگەڵ مانەوەی گرنگیی وەرگێڕانی ئەم هەماهەنگییە بۆ ڕێکخستنی دامەزراوەیی ڕوون.
بانگەوازەکەی بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێکان، پەیامێکی ناوچەییشی تێدایە. دەکرێت جەختکردنەوە لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لە پەیوەندی لەگەڵ دراوسێ و دۆستەکاندا وەک بانگەوازێک بخوێندرێتەوە بۆ ژێردەستکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکان بۆ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی نیشتمانی و سەروەریی دەوڵەت. ئەم بانگەوازە قورسایی خۆی وەردەگرێت لە قۆناغێکدا کە گوشارەکان لەسەر عێراق ڕوو لە زیادبوونبوون، و توانای لە کۆنترۆڵکردنی بڕیاری ناوخۆییدا دەبێتە مەرجێک بۆ پاراستنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی.
بە هەموو ئەمەشەوە، گرنگیی وتارەکە بەو مانایە نێت کە ئەو گۆڕانکارییەی ئاماژەی پێ دەکات تەواو بووە. وتارەکە، هەرچەندە ئاماژەی تێدا بێت بۆ گۆڕانکاری لە سروشتی پەیوەندییەکەدا، بەو مانایە نێت کە ناکۆکییە بنەڕەتییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر یەکلایی بووبێتنەوە، یان هاوبەشییە نوێکە بووبێتە واقیعێکی دامەزراوەیی تەواو. چونکە گواستنەوە لە دانوستاندن دەربارەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانەوە بۆ بەشداری لە بونیادنانی داهاتووی دەوڵەتدا، پێویستی بە بەڵێننامەی بەرمبەرمبەر، سازشی جێبەجێکراو، و متمانەیەک هەیە کە لە بۆنە سیاسییەکان تێپەڕێت.
هەروەها بانگەوازکردن بۆ کورتکردنەوەی بڕیاری ئاشتی و جەنگ لە دەستی دەوڵەتدا، پێویستی بە ڕێکخستنێک هەیە کە تەواوی هێزە چەکدارەکان بگرێتەوە، و بەرپەرسیارێتی و پەیوەندییان بە دامەزراوە دەستوورییەکانەوە دیاری بکات؛ لە کاتێکدا هاوبەشیی نێوان بەغدا و هەولێر پێویستی بە یاسایەک هەیە کە بپاریزێت لە هەڵبەز و دابەزی هاوپەیمانی و قەیرانەکان.
سەرۆکی هەرێم زمانی عەرەبی بەکارهێنا بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ بەغدا بکات، بەڵام لە ناوەرۆکی وتارەکەیدا پرسیارێکی دانا کە لە بەغدا تێپەڕ دەکات و دەگاتە تەواوی عێراقییەکان: چۆن دەکرێت دەوڵەتێک بونیاد بنرێت کە سەروەری و هاوبەشی، هێز و دەستوور، و یەکێتیی بڕیار و ڕێزگرتن لە فرەیی کۆبکاتەوە؟
لەوانەیە ئەمە گرنگترین پەیامی وتارەکەی بێت. چونکە پێگەی هەرێمی کوردستان لە داهاتووی عێراقدا تەنیا بەوە دیاری ناکرێت کە چەند لە ماف و دەسەڵاتەکان بەدەست دەهێنێت، بەڵکو بەپێی ئاستی بەشداریشی لە هەڵگرتنی بەرپەرسیارێتیی دەوڵەت، بەشداری لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانیدا، و پابەندبوون بە یاساکانی دەستوور کە داوا لە هەمووان دەکات پەنای بۆ ببرێت.
لە بەرامبەردا، هێزی دەوڵەتی عێراق تەنیا بە توانای لە سەپاندنی دەسەڵاتیدا پێوانە ناکرێت، بەڵکو بە توانای لە بونیادنانی هاوبەشییەکی فیدراڵیی جێگیر پێوانە دەکرێت، کە فرەیی لەخۆ بگرێت، مافەکان بپارێزێت، و بڕیاری سەروەری لەناو دامەزراوە دەستوورییەکاندا یەکبخات. لەنێوان ئەم دوو ئاڕاستەیەدا، پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر دەتوانێت لە بەڕێوەبردنی بەردەوامی ناکۆکییەکانەوە بگۆڕێت بۆ هاوبەشییەکی کرداری لە بونیادنانی داهاتووی عێراقدا.




