لە عەممانی پایتەختی ئوردن کۆبوونەوەیەک لە نێوان شاندی گروپی عێراقی بۆ کاروباری دەرەوە و پەیمانگای شاهانەی توێژینەوەی ئایینی بەئامانجی پەرەپێدانی هاوکاری کەلتووری و ئەکادیمی نێوان هەردوولا بەڕێوەچوو و لە کۆبوونەوەکەدا چۆنیەتی پەرەپێدانی دیالۆگی نێوان ئایینەکان و بەشداریکردن لە بڵاوکردنەوەی کەلتووری لێبوردەیی و قبووڵکردن لە نێو پێکهاتە ئایینییە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکەدا تاوتوێ کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا چەند بابەتێکی سەرەکی تاوتوێ کرا کە دیارترینیان پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی توێژینەوەی هاوبەش لە بواری خوێندنی ئایینی و برەودان بە ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی لەنێوان هەردوو پەیمانگاکەدا و ڕێکخستنی وۆرکشۆپ و سیمیناری ئەکادیمی تایبەت بە کێشە ئاینی و کۆمەڵایەتییە هەنووکەییەکانی ناوچەکە.
پەیمانگای شاهانە پێشوازی لە فراوانکردنی هاوکاری لەگەڵ گرووپی عێراقی کرد و جەختی لەسەر گرنگی هاوبەشی نێوان دەزگاکانی بیرکردنەوە لە هەردوو وڵات کردەوە بۆ پەرەپێدانی توێژینەوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ برەودان بە بەهاکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا.
لای خۆیەوە وەفدی گروپی عێراقی جەختی لەسەر گرنگی کۆبوونەوە و پەیوەندییەکان کردەوە لە بنیاتنانی پەیوەندیی پیشەیی و زانستی بەردەوام لەنێوان دامەزراوە ڕۆشنبیری و ئەکادیمییەکان لە جیهانی عەرەبیدا و ئاماژەی بەوەدا کە بەهێزکردنی هاوکاری لە بواری خوێندنی ئایینیدا هەنگاوێکی گرنگە بۆ برەودان بە لێبوردەیی و بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی.