واسیق سەعدون/توێژەر و ئەکادیمی
لە گەرمەی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کەشوهەوا و شەپۆلە دووبارەبووەکانی وشکەساڵی کە جیهان لە ئێستادا بەخۆیەوە دەبینێت، کێشەکانی ئاوی سنووربەزێن لە کیشوەرە جیاوازەکانی جیهاندا چیتر تەنها پرسگەلێک نین کە لە بڵاوکراوە و کۆڕبەندە ئەکادیمییەکاندا وەک جۆرێک لە پێشبینی فکری بۆ قەیرانە ئەگەرییەکانی داهاتوو گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەڵکو بوونەتە ئاڵنگارییەکی بوونگەرایی (Existential) ڕاستەقینە کە هەڕەشە لە سەقامگیری کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئەمنی ئەو وڵاتانە دەکات کە هاوبەشن لە ڕووبارە نێودەوڵەتییەکاندا.
سەرەڕای بوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان کە کاروباری ڕووبارە هاوبەشەکان ڕێکدەخەن، بەڵام توانایەکی ئەوتۆیان نەسەلماندووە بۆ سەپاندنی دابەشکردنێکی دادپەروەرانە و یەکسانی ئاو لە نێوان وڵاتانی سەرچاوە و وڵاتانی ڕێڕەو (خواروو). زۆربەی وڵاتانی سەرچاوە هەست بە بوونی هێزێکی پابەندکەری توند ناکەن بۆ ئەم یاسایانە، ئەمەش وڵاتانی کەناراو، بەتایبەتی وڵاتانی ڕێڕەو ناچار دەکات پەنا بۆ بەستنی ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی دووقۆڵی یان هەرێمی لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوە بەرن، بۆ دوورکەوتنەوە لە پێشێلکردنی مافە ئاوییەکانیان و ڕێگریکردن لە خزین بەرەو ململانێکان، ئەوەش لە ڕێگەی پشت بەستن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و باشترکردنی سروشتی پەیوەندییەکان. سوودبەخش نییە ئەگەر تەماشای ئەم سیاسەتانە بکرێت تەنها وەک گوشارێک کە وڵاتانی سەرچاوە دەیکەنە سەر وڵاتانی ڕێڕەو، بەڵکو گرنگییەکە لەوەدایە کە وڵاتانی ڕێڕەو بتوانن پلانگەلێکی دیپلۆماسی و ئابووری داڕێژن کە تێیدا دەستەبەرکردنی سەرچاوە ئاوییەکانیان ببێتە بەرژەوەندییەکی زیندوو و ڕاستەوخۆ بۆ خودی وڵاتانی سەرچاوەش.
بەغدا لە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ مەراسیمی واژۆکردنی ئاڵوگۆڕی نێوان وەزیرانی دەرەوەی عێراق و تورکیای بەخۆیەوە بینی سەبارەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هاوکاری لە بواری ئاودا لە نێوان هەردوو وڵات. ڕێککەوتنەکە توخم و دیدگای نوێی لەخۆگرتبوو، وێڕای داواکاری بۆ دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئاوی سنووربەزێن، لەوانە بانگهێشتکردنی تورکیا بۆ بەشداریکردن لە باشترکردنی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق لە ڕێگەی پڕۆژەی وەبەرهێنانەوە کە کۆمپانیا تورکییەکان جێبەجێی دەکەن بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی سیستەمی ئاودێری و بەنداو و وێستگەکانی پاڵاوتن و چارەسەرکردنی ئاو، سەرەڕای تەرخانکردنی ڕێژەیەک لە داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە ڕێگەی بەندەرەکانی تورکیاوە بۆ دانەوەی شایستە داراییەکانی ئەم کۆمپانیایانە.
ئەم ناوەڕۆکە نوێیانە بە هەنگاوێکی بەرچاو دادەنرێن لە ڕێڕەوی ئەم کێشە درێژخایەنەی نێوان هەردوو وڵات، چونکە ڕەنگە بەشداربێت لە گواستنەوەی دۆخەکە لە چوارچێوەی ناکۆکی و گرژی و تۆمەتبەخشینەوە بۆ ڕێڕەوێکی هاوکاری، کە لەسەر بنەمای بەستنەوەی دابەشکردنی ئاو بە هاوکاری وەبەرهێنان لە بوارەکانی وزە و پەرەپێدانی ژێرخانی ئاودێری و گەشەپێدانی ئابوورییەوە دامەزراوە. بەمەش، مسۆگەرکردنی مافە ئاوییەکانی عێراق لە تورکیاوە و بەردەوامی هەناردەکردنی نەوتەکەی لە ڕێگەی بەندەرەکانی تورکیاوە، دەبێتە بەرژەوەندییەکی ئابووری گرنگ بۆ تورکیاش، نەک تەنها بۆ عێراق.
هەڵسەنگاندنەکان بۆ ڕێککەوتنە نوێیەکە جیاواز بوون؛ لایەنگران وەک شێوازێکی نوێی مامەڵەی واقیعی لەگەڵ دۆسیەیەکی هەڵپەسێردراوی دەیان ساڵە دەیبینن، کە چارەسەری کردەیی تێدایە و بەرژەوەندی هاوبەش بۆ هەردوولا (براوە-براوە) بەدەست دەهێنێت. لە بەرامبەردا، نەیاران وای دەبینن کە ئەمە زەمینە خۆشکردنە بۆ کۆنترۆڵکردنی تورکیا بەسەر بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق و بەستنەوەی داهاتی نەوتی عێراق بە ئاوی هاتوو لە تورکیاوە، کە بە هاوکێشەی «نەوت بەرامبەر ئاو» ناوزەد کراوە. دەستەی سێیەمیش پێیان وایە کە ئەمە نایەتە ئاستی ڕێککەوتننامەیەکی چەسپاو، بەڵکو تەنها لێکتێگەیشتنێکی سەرەتاییە و هێزی پابەندکردنی ڕاستەقینەی نییە. تاقیکردنەوەی فیعلی بۆ جددیەت و گرنگی ئەم ڕێککەوتنە پەیوەستە بە ئاستی گۆڕینی بنەما و بڕگەکانی بۆ هەنگاوی کردەیی بەرجەستە لەسەر زەوی، دوور لە دواخستن یان فەرامۆشکردن.
دۆسیەی دابەشکردنی ئاو لە نێوان تورکیا و عێراق لە چوارچێوە سیاسی و ئابووری و هونەری و تەکنیکییەکانیدا تێر توێژینەوە و گفتوگۆ کراوە، بەڵام هێشتا پێویستی بە مقارەبەیەکە لە ڕوانگەی بنەماکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە، کە دەکرێت مافەکانی عێراق لەم دۆسیەیەدا بەهێزتر بکات و تورکیا بخاتە بەردەم پابەندبوونی زیادە بەرامبەر وڵاتانی ڕێڕەو لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات. بنەماکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە زۆر حاڵەتدا، وەک ڕێکخەرێکی ئەخلاقی بۆ پەیوەندی نێوان وڵاتانی سەرچاوە و وڵاتانی ڕێڕەو کاردەکەن.
دەکرێت بنەماکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ دوو جۆر پۆلین بکرێن: بنەما تەقلیدییەکان، وەک سەروەری، ڕێزگرتن لە سنوور و یەکپارچەیی خاک، دەستوەرنەدان، پابەندبوون بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، و یەکسانی نێوان دەوڵەتان؛ و بنەما نوێیەکان کە دەرەنجامی کارلێکەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی هاوچەرخن، وەک بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، هاوکاری نێودەوڵەتی، مافەکانی مرۆڤ، و گەشەپێدانی بەردەوام. ئەم وتارە ئامانجی گفتوگۆکردنە لەسەر ڕێککەوتنی ئاو لە نێوان عێراق و تورکیا لە ڕۆشنایی سێ بنەمای سەرەکی کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە سروشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییە هاوچەرخەکانەوە هەیە، ئەوانیش: بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، هاوکاری نێودەوڵەتی، و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.
ڕێککەوتنی ئاو لە نێوان عێراق و تورکیا و چەمکی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان
لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەمەوە، کێڵگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گەشەسەندنێکی فکری بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە. لە نێو دیارترین تیۆرە باوەکانی ئێستادا، سێ تیۆری سەرەکی دەردەکەون: تیۆری ڕیالیزم (واقیعگەری) کە سیستەمی نێودەوڵەتی وەک گۆڕەپانی ململانێ دەبینێت و ئەولەویەت بە ئاسایش و مانەوەی دەوڵەت دەدات؛ تیۆری لیبڕالیزم، کە پێی وایە ئاشتی و سەقامگیری لە ڕێگەی هاوکاری و یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە بەدەست دێت؛ و تیۆری بونیادگەری (Constructivism)، کە پێی وایە بەرژەوەندی دەوڵەتان جێگیر نین و لە ڕێگەی کارلێکە کۆمەڵایەتییەکانەوە بونیاد دەنرێن.
سەرەڕای ڕەخنەکان لەسەر تیۆری واقیعگەری، بەڵام ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشانەی کە ڕێککەوتنی هاوکاری ئاوی ئەم دواییە لە نێوان عێراق و تورکیا دەیخاتەڕوو، دەکرێت تەنانەت لە ڕوانگەیەکی واقیعگەریشەوە وەک بەرژەوەندی نیشتمانی ڕاستەوخۆی تورکیا هەژمار بکرێن. ئەم ڕێککەوتنە دەرفەتی ئابووری گرنگ بۆ تورکیا دەڕەخسێنێت لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی وزە و ئاودێری عێراق. هەروەها، خراپتربوونی قەیرانی ئاو لە عێراق کاریگەری نەرێنی لەسەر وێنەی تورکیا لە ڕای گشتی عێراقیدا دەبێت و کاریگەری هێزە نەرمەکەی لاواز دەکات. لە لایەکی ترەوە، ئاسایشی ئاو مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ گەشەپێدانی ئابووری لە عێراق؛ بەردەوامی کەمئاوی دەبێتە هۆی مانەوەی ئابووری عێراق وەک ئابوورییەکی کرێخۆر (Rentier) و زیادبوونی بێکاری و بڵاوبوونەوەی گروپی چەکداری دەرچوو لە یاسا، کە ئەمانەش هەڕەشەی ناڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا.
بەپێی تیۆری لیبڕالیزمیش، ڕێککەوتنەکە ئاسۆی فراوان بۆ هاوکاری ئابووری دەکاتەوە. تورکیا وڵاتێکی پیشەسازی و بازرگانییە و ڕێڕەوێکی ستراتیژی وزەیە، لە کاتێکدا بوونی ئاو مەرجێکی بوونگەراییە بۆ هەر چالاکییەکی ئابووری لە عێراق. چالاککردنی ڕێککەوتنەکە عێراق دەکاتە بازاڕێکی بەڵێندەر بۆ بەرهەم و وەبەرهێنانەکانی تورکیا.
لە چوارچێوەی تیۆری بونیادگەریشدا، کۆمەڵگەی تورکی ناکرێت لە ژینگەی هەرێمییەکەی داببڕێنرێت. ئەستەمە وێنای ئەوە بکرێت کە کۆمەڵگەی تورکی بەردەوام قبوڵی ئەوە بکات کە خۆشگوزەرانی ئاوی ناوخۆیی هەبێت لە بەرامبەر مەینەتی مرۆیی سەخت لە عێراق، بەتایبەتی لە سایەی پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی نێوان هەردوو کۆمەڵگە.
ڕێککەوتنی ئاو و بنەمای هاوکاری نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ
سروشتی ئاڵنگارییە هاوچەرخەکان، بەتایبەتی گۆڕانی کەشوهەوا، هاوکاری نێودەوڵەتی کردووەتە بژاردەیەکی دانەبڕاو. پێویستە قەیرانی ئاو وەک کارەساتێکی سروشتی سنووربەزێن سەیر بکرێت کە پێویستی بە هەماهەنگی هەیە. بەشداریکردنی تورکیا لە نوێکردنەوەی ژێرخانی ئاوی عێراق دەرفەتێکە بۆ گۆڕینی هاوکاری لە تیۆرییەوە بۆ پراکتیک.
هەروەها، دۆسیەی دابەشکردنی ئاو ڕەهەندێکی مرۆیی گرنگ وەردەگرێت، چونکە زیانمەندترین چین لە عێراق جووتیاران و دانیشتوانی باشوورن. لە تورکیا وەک وڵاتی سەرچاوە چاوەڕوان دەکرێت ئەم ڕەهەندە مرۆییە لەبەرچاو بگرێت، هەروەک چۆن لە ڕێککەوتنی دانەوێڵەی ئیستەنبوڵ (٢٠٢٢) و دوای بوومەلەرزەکەی ٢٠٢٣ گرنگی بە لایەنی مرۆیی داوە.
دەرەنجام
ڕێککەوتنی ئەم دواییە گۆڕانکارییەکی جۆرییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ یەکێک لە ئاڵۆزترین دۆسیەکان. سەرکەوتنی ئەم ڕێککەوتنە بەندە بە جددیەتی هەردوولا لە جێبەجێکردنی بڕگەکان و گرتنەبەری مقارەبەیەکی گشتگیر کە هاوسەنگی لە نێوان لایەنی ئابووری/هونەری و پابەندبوونی ئەخلاقی/مرۆییدا ڕابگرێت. مامەڵەکردن لەگەڵ ئاو تەنها وەک کاڵایەکی بازرگانی، دۆسیەکە لە ڕەهەندە مرۆییەکەی بەتاڵ دەکاتەوە، لە کاتێکدا سەیرکردنی وەک مافێکی بنەڕەتی مرۆڤ، لەگەڵ بنەماکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەگونجێت و سەقامگیری بەهێز دەکات.