گروپی عێراقی بۆ کاروباری دەرەوە بەشداری لە دانیشتنی گفتوگۆی کۆڕبەندی بیری عەرەبی لە عەممانی پایتەختی ئوردن کرد سەبارەت بە “پەیوەندییەکانی عەرەب و کورد” و چۆنیەتی پەرەپێدانیان لە ڕێگەی هاوکاری هاوبەشی کەلتووری و مرۆیی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیری و ئەکادیمی لە وڵاتانی جیاواز. گفتوگۆکان جەختیان لەسەر گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عەرەب و کورد لە ڕێگەی هاوکاری کولتووری و ڕۆشنبیرییەوە کرد.
لای خۆیەوە وەفدی گرووپی عێراقی جەختیان لەسەر گرنگی دروستکردنی پردی هاریکاری نێوان کۆمەڵگای عەرەبی و کوردی کردەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە ئەم هاوکارییە تەنیا لە بوارە سیاسییەکاندا نییە بەڵکو کەلتوور و هونەر و زانستیش دەگرێتەوە و ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی تێگەیشتنی هاوبەش و پتەوکردنی پەیوەندییە مرۆییەکانی نێوان گەلانی ناوچەکە. هەروەها جەختیان لەسەر ڕۆڵی گرنگی کۆبوونەوە ڕۆشنبیرییەکان و کۆڕبەندەکانی دیالۆگ لە برەودان بەم هاوکارییە کردەوە و تەئکیدیان لەسەر پێویستی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و زانیاری لەنێوان کولتوورە جیاوازەکانی ناوچەکەماندا کردەوە.
کۆبوونەوەکە بە کۆمەڵێک ڕاسپاردە کۆتایی پێهات بە ئامانجی بەهێزکردنی هاوکاری عەرەب و کورد لە بوارەکانی ڕۆشنبیری و فکری و داواکردن لە دامەزراوە ڕۆشنبیری و پەروەردەییەکان بۆ پەیڕەوکردنی پرۆگرامی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی کەلتووری و توێژینەوەی زانستی.